|
|
|
|
|
نووسینی: مه‌سعوود حه‌قیقه‌ت فه‌ر(مه‌ناف) پێشکه‌شکه‌ری پڕۆگرامه‌که: به‌ڕێز... پێم خۆشه به درووستی جوابی ئه‌م پرسیاره‌م بده‌یه‌وه. ئایا کورده‌کان ده‌یانه‌وێ ئێران پارچه پارچه بکه‌ن و جیا ببنه‌وه؟ میوانی کورد: نه‌وه‌ڵاهی. نه به‌خودای. کێ وه‌ده‌ڵێ. حه. ئێمه له هه‌موو که‌س ئێرانی ترین. سوێن ده‌خۆم. ئه‌وه دیالۆگێکی هه‌میشه‌یی ڕادیۆ ده‌نگی ئه‌مریکایه، کاتێک چالاکێکی سیاسی و مه‌ده‌نی کورد میوانی پڕۆگرامه‌که‌ی ده‌بێت. "ڕادیۆ ده‌نگی ئه‌مریکا" له‌م مێدیا به‌هێزانه‌یه که له ژێر فه‌رمانی حکومه‌تی ئه‌مریکا ئیداره ده‌کرێ و بۆ پێوه‌ندی گرتن و خیتاب کردنی گه‌لانی جیهان و پێش بردنی سیاسه‌ته‌کانی ئه‌مریکا به ده‌یان زمان، پڕۆگرامی رادیۆیی و ته‌له‌ڤزیۆنی بلاو ده‌کاته‌وه و هه‌وڵی راگه‌یاندنی ویست و بیر وبڕوا و سیاسه‌ته‌کانی ئه‌مریکا له سه‌رتانسه‌ری جیهان ده‌دات. دیاره که ساڵه‌ها به مه‌به‌ستی شوێن دانان له سه‌ر گه‌لانی ئێران و ئاشناکردنی سیاسه‌تی ئه‌مریکا و په‌ره‌پێدانی به وته دێموکراسی و بیرورایی ئازاد و هتد، ڕادیۆ ده‌نگی ئه‌مریکا، به زمانه‌کانی فارسی و کوردی و ئازه‌ریش وه‌شان ده‌کات و له‌م نێوه‌دا، گرنگی سه‌ره‌کی ته‌نیا به زمانی فارسی دراوه و ڕۆژ به ڕۆژ ویست و داخواز و ناوه‌ڕۆکی به‌ڕێوه‌به‌رانی ئێرانی ئه‌م ڕادیۆیه، باشتر ده‌رده‌که‌وێ. نایشارمه‌وه که ئه‌وه‌تان له‌گه‌ڵ باس بکه‌م که ڕادیۆ ئه‌مریکای به‌شی فارسی سه‌ره‌رایی کۆمه‌ڵێک جیاوازی به‌که‌ڵک و بیرۆکه‌ی پۆزه‌تیڤ له‌گه‌ل مێدیاکانی تری فارسی و ئێرانی، دیسانیش هه‌روه‌ک تریبوونێکی شۆوێنیسته ئێرانی و فارسه‌کان دێته به‌رچاوم. من ساڵه‌هایه گوێگر و بینه‌ره‌ی ئه‌م رادیۆیه‌م و ته‌نانه‌ت قه‌ت نه‌مدیوه به ئاشکرا دان به مافی گه‌لانی زوڵملێکراوی ئێران و به تایبه‌ت گه‌لی کورد دانێن و به ئاشکرا پێداگری له سه‌ر داخوازی ئه‌مان بکه‌ن و قه‌تیش نه‌مدیوه که میوانێکی کورد بانگهێشت بکرێ و نه‌یبه‌نه ژێر گووشار و به پرسیارگه‌لێک له‌مه‌ر جیاوازی خوازی لێنه‌که‌ن. له حاڵێک دا هیچ یه‌ک له حیزبه‌کانی نێو پانتایی سیاسی کوردستان له پێره‌و و ئه‌ساسنامه‌کانیان دا قه‌ت باسیان له سه‌ربه‌خۆیی نه‌کردووه و جیابوونه‌وه له ئێرانیان وه‌کو ئامانجێک بۆ دواڕۆژی ئێران دیاره نه‌کردووه، له کاتێک دا که هه‌موو به ئاسکرا له به‌رنامه‌کانیان دا باس له پێکهێنانی کوردستانێکی ئۆتۆنۆم، فێدراڵ و هتد ده‌ده‌ن، به‌ڵام دیسانیش، شۆوێنسیتانی فارس وه‌کو جنێوێک " تۆمه‌تی ته‌جزیه ته‌ڵه‌بی" و جیاوازی خوازیمان لێده‌ده‌ن هه‌رچه‌ندیش ره‌تی که‌ینه‌وه و ئه‌گه‌ر به ده‌ست نوێژه‌وه له سه‌ر قورئان بۆیان هه‌لپه‌رین بڕوامان پێناکه‌ن. ساڵ‌و نیوێک (به ڵکو زیاتر)، به‌ڕێز مسته‌فا هیجری میوانی ڕادیۆ ده‌نگی ئه‌مریکا بوو و ئه‌م پرسیاره‌ی ئاراسته کرا و ئه‌ویش ڕوونیکرده‌وه که شتی ئاوا نیه و کورد ئێرانێکی دێموکرات و فێدراڵ ده‌خوازێ و هتد. "خاتوو ڕۆیا تلووعی" که خۆی له واشنتۆنه و گۆیا ئێستا کادری ئه‌م رادیۆیه‌یه، زوو زوو بانگهێشتی پڕۆگرامه‌کانی ده‌کرێت و هه‌رجار دادگایی ئه‌وه‌ی ده‌کرێت که ئایا، ناوبراو و حیزبه کوردستانیه‌کان و به گشتی کورده‌کانی ڕۆژهه‌لاتی کوردستان، جیاوازی خوازن، ده‌یانه‌وێ ئێران پارچه بکه‌ن یان نا. له بیرمه له پڕۆگرامێکی یه‌ک کاتژمێری "دانیشتنێک له‌گه‌ل ئێوه" یا هه‌مان (میزگردی با شما)،. خاتوو ڕۆیا تلووعی داوه‌ت کرابوو و زیاتر له نیو کاتژمێر به بۆردومانی پرسیاری له‌م شێوه و ته‌له‌فۆنی بینه‌ران، خسترا ژێر گووشار تا له زاری غه‌له‌ت بێت و "به‌ڵێ"یه‌کیان سه‌باره‌ت به مه‌یلی جیاوازی خوازی کورد، گوێ لێبێت. ده‌یانپرسی زوو بڵێ، تۆ ئێرانی یا کورد؟ کامیان له پێشتره بۆ تۆ؟ جیاوزی خوازی یان نا؟ زوو به جواب ده‌وه، به‌کورتی، ده‌تانه‌وێ ئێران پارچه بکه‌ن یان نا؟ و ...فه‌قیره‌ش هه‌رچه‌ند هه‌وڵی ده‌دا به شێوه‌یه‌ک قسه بکات و که فارس وته‌نی " نه شیش بسووتێ و نه که‌باب"، نه‌ده‌بوو و دیسان هه‌مه‌ن هه‌مه‌ن. خوشکه رۆیا، نه ده‌یوێرا بلێ به‌ڵێ سه‌ربه‌خۆییمان ده‌وێ و ئه‌وان و فارسه‌کان له خۆ بره‌نجێنێ و نه ده‌شکرا که بڵێ نا و ئێمه شتی وامان قه‌ت ناوێ و جیاوزی خواز نین و ئه‌مجاره بکه‌وێته به‌ر ئامانجی، تیر و توانج و ڕه‌خنه‌ی هێرشکارانه‌ی مێدیایی کوردی. خۆ هه‌ر خوشکه رۆیا وا نه‌بوو. کاک مسته‌فاش له هه‌مان دۆخ دا گیری کردبوو. جارێکی تر دوکتۆر ئه‌سفه‌ندیاری و ماوه‌یه‌ک له‌مه‌وبه‌ر "دوکتۆر خالید عه‌زیزی". کاک خالیدیش، به ناچار له جوابی پرسیاری کۆمه‌ڵێک ته‌له‌فۆن‌که‌ری نه‌خۆش و به‌رێوه‌به‌ری ئێرانیستی به‌رنامه، ئێستاشی له‌گه‌ڵ بێ به ئاشکرا نه وێرای بڵێ که من ئێرانیم و جیاوازی خواز نیم و نه وێرای دان به ویستی ده‌ڕوونی مرۆڤی کورد بۆ سه‌ربه‌خۆیی دابنێ و به‌ڕده‌وام وه‌کو میوانانی تری کورد له‌م پڕۆگرامه‌دا، به یاری به وشه‌کان و پازادان له‌م جوازب بۆ ئه‌م سوال و ... کاتژمێرێکیان به‌سه‌ر هێنا. له دووایین نموونه‌ی ئه‌م پڕۆگرامانه‌دا که من ناوی "دادگایی"یان لێده‌نێم، "خاتوو نه‌سترین قاسملوو"یی به ڕه‌چه‌ڵه‌ک چێکیش که‌وته به‌ر ئامانجی ئه‌م پرسیاره و دوکتۆری شه‌هیدیشیان له گۆردا محاکمه کرد. چاره‌گێک خاتوو نه‌سرینیان به‌وه ماته‌ڵ کرد تا پێی هه‌ڵده‌ن که ئایا، دوکتۆر قاسملوو، جیاوازی خواز بووه یان نا؟ "به‌هارلوو" لێی ده‌پرسی، ئایا به ڕاستگۆیه‌وه جوابی ئه‌م پرسیاره‌م ده‌ده‌یه‌وه و وه‌کو محاکمه، خه‌ریک بوو، دادگایی ده‌کرد و بۆ ته‌ئیدی قسه‌کان له "ده‌ستماڵچی" فارسیشی ده‌پرسی که ئایا "خاتوو نه‌سرین" ڕاست ده‌کات یان نا؟ سه‌یر له‌وه‌دایه که تا ئێستا بۆ ڕێبه‌رێکی کورد له شوێن گه‌لێکی ئاوادا هه‌ڵناستێ و بڵێ که به‌ڵێ ئێمه کوردین و له پێش هه‌موو شتێک کوردستانین و وڵاته‌که‌مان دابه شی چوار و پێنجه و باشوور و باکوور و ڕۆژهه‌ڵاتمان فه‌ڕقی نیه و تا ئه‌مرۆش هیچ خێرمان له ئێرانی بوون نه‌دیوه. به‌ڵام به‌ڵام ئه‌وسا بێیینه به‌ر باسی ئه‌مه که "ئه‌گه‌ر بێت و له چوارچێوه‌ی ئێرانێکی دێموکرات و فێدراڵ دا سه‌رجه‌م مافه‌کانی نه‌ته‌وه‌ییمان، له مافی دیاری کردنی چاره‌نووسه‌وه تا ده‌سه‌ڵاتی خۆجیی، بۆ دابین بکرێ، ئه‌و کات نه ته‌نیا جیانابینه‌وه، به‌ڵکو جیهان به پارچه‌که‌رانی ئه‌و شوێنه‌ی که ئێوه ئێرانی نێو ده‌نێن، ڕه‌ش ده‌که‌ین". جا لێرده‌دا له‌خۆم پرسی که کورد بۆ ده‌بی هێدنه بێچاره و مافخوراو ومه‌زلووم بێت که دوژمنانی ره‌ژیمیش پاش زیاتر له نیو سه‌ده، ئێستاش بڕوایی پێنه‌که‌ن و لێ به شک بن که ئایا، کورد جیاوازی خوازه یان ته‌نیا به شوێن چه‌ند مافی بچووکی که‌لتووری و زمانیه و چه‌ند فه‌رماندار و شاره‌داری کوردی ده‌وێ؟ کێشه له خۆمانه که نه‌مانتوانیوه که تێ‌یان بگه‌یێنین یا له‌وانه که تێنه‌گه‌شتوون؟ به‌ڵکو ئێمه‌ش نه‌مانوێراوه که به ئاشکرا ویست و داخوازه‌کانمان بێنینه سه‌ر زمان. یا نه‌مزانیوه، چۆنیان باس بکه‌ین و یا له‌انه گرینگتر، شۆوێنیسم ئه‌وه‌نده‌ی له ناخی ئه‌مانه‌ی به‌رامبه‌ر دا ڕیشه کوتاوه که ئێستاش نه بڕوایان به مافه‌کانی ئێمه هه‌یه و نه ده‌یانه‌وێ که‌س جگه له خۆیان بچێته سه‌ر کورسی ده‌سه‌ڵات؟ خۆ ده‌زانم و له‌وانه‌یه‌که زۆرێک له خوێنه‌رانی ئه‌م بابه‌ته، بلێن کاکه، ئێستا کاتی نیه و نابی بڵێین سه‌ربه‌خۆییمان ده‌وێ و ئه‌وه له ریالیته‌ی سیاسه‌تی ئێستا و دۆزی ژێئۆپۆلیتیکی ناوچه و کوردستان دووره و داگیرکه‌ڕانی کوردستان با به فێڵه‌که‌مان نه‌زانن و کۆمه‌ڵێک قسه‌ی زل و واقیعی دیار و وشه‌ی پڕ پێست و ... بۆ خوێندنه‌وه‌ی دواترین هه‌واله‌کانی کوردستان و ناوچه سه‌ردانی ئاژانسی مانشێت بکه‌ن: منیش باش له‌وانه ئاگادارم به‌ڵام ته‌نیا به‌م پرسیاره کۆتایی به‌م وتانه‌م دێنم که ئایا تا که‌ی ئێمه‌ی کورد ده‌بی حه‌ز و ئاره‌زوومان بشارینه‌وه و یاخود که‌ی ئه‌وانی به‌رانبه‌ر لێمان تێده‌گه‌ن و چۆن؟ تا که‌ی ده‌بی به سوێند وقورئان و ئایه‌ت، بپارێینه‌وه که نه به‌خودای ئێمه جیاوازی خواز نین و له ئێرانی ئێرانی ترین و له‌م گه‌مانه. ئێمه بۆ ئێرانین؟ من چ شانازیه‌ک به ئێرانی بوونم بکه‌م؟ بۆ له ئێرانی ئێرانی تر بم و خۆم بۆ یه‌کپارچه‌یی خاکی ئێران له په‌ر و پۆ بکه‌مه‌وه؟ هه‌ر کاتێک جوابی ئه‌م پرسیاره‌مان به خۆمان دایه‌وه ده‌توانین ئه‌وسات هیوادار بین که چیتر به حورمه‌ته‌وه، له تیڤیه فارسیه‌کان سه‌باره‌ت به کورد بوون و کوردستانی بوون و ویستی سه‌ڕبه‌خۆ خوازی، دادگایی نه‌کرێنه‌وه. |
||