|
|
|
|
|
نووسینی: دکتۆر روئیا تلوعی له‌خوێندنه‌وه‌ی راگه‌یاندنی له‌ت بوونی حیزبی دیموکرات، بێ ئیختیار به ده‌نگی به‌رز گریام. وه‌ک ئه‌و کاته‌ی له سلوولی تاکه‌کاسی به ده‌نگی به‌رز ده‌گریام..... کچه‌که‌م لێی پرسیم: وتم نا کچم، به‌ڵام حیزبی دیموکرات یادگاره‌که‌ی قازی، هی گشتمانه.من ناتوانم بێ خه‌یاڵ بم... .... سه‌ره‌تا دڵم ببوو به بورکانێک و ئاگری هه‌ست و ئیحساسی لێ ده‌پڕژا. مه‌نتیق و لۆژیک کاری نه‌ده‌کرد. به هه‌ر بیره‌وه‌ریه‌ک شه‌پۆلێک فرمێسک دهپڕژایه سه‌ر گۆنام: بازجوو وتی: - پیوه‌ندیت له‌گه‌ڵ حزبی دیمۆکرات هه‌یه؟ - نا. - چه‌ند جار چووی بۆ حیزب؟ - وتم خۆ، پێوه‌ندیم نیه . قه‌ت نه‌چووم. - دووپاتی ده‌که‌مه‌وه ، پێوه‌ندیت له‌گه‌ل حیزب چۆنه؟ - منیش دووپاتی ده‌که‌مه‌وه ، پێوه‌ندیم نیه. له‌وان ئیسرار و له من ئینکار.... شه‌په‌ڵاغه‌یه‌ک وه‌ها له گۆنام درا که هه‌ستم کرد بۆ چرکه‌یه‌ک به‌رچاوم تاریک بوو. سهربازجوو "رێزوانی" به ده‌نگی به‌رز به‌سه‌رمدا قیژاندی: - تۆ نه‌چووی بۆ حیزب؟ تۆ پێوه‌ندیت له‌گه‌ڵیان نیه؟؟ ئه‌وه کێ بوو له ساڵۆنه‌که‌ی هۆتێل پاڵاس دوو سه‌عات پیکه‌وه قسه‌تان ده‌کرد؟ حه‌تمه‌ن ده‌ڵێی ئه‌ویش ناناسی ها؟ ئه ی ئه‌وانی دیكه؟ ئه‌وانیش ناناسی هااااااااااااااا؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟ ده‌مووچاوی ره‌شی " رێزوانی " دوو ئه‌وه‌نده ره‌ش هه‌ڵگه‌ڕابوو. به‌و چاوه دهڕپهڕیوانهیهوه پڕ له نه‌فره‌ت سه‌یری ده‌کردم . هه‌ستم ده‌کرد ئه‌م نه‌فره‌ته‌م جارێکی تریش دیوه. دیسان قیژاندی: - منت له بیره؟ فستیوالی گه‌لاوێژ؟ سالۆنهکهی هۆتێل پاڵاس؟ ناتوانی درۆ بکه‌ی .خۆم تۆم دیوه.... راست بوو. من ئه‌و چاودهرپهڕیوه پڕ له نه‌فره‌ته‌م له سلێمانی دیبوو و نه‌مزانیبوو کێیه و بۆ وا به نه‌فره‌ته‌وه سه‌یرم ده‌کات.پێم وا بوو ئه‌و کابرا ره‌شه ناشرینه بێده‌نگ و مهرمووزهش هه‌ر میوانی فستیڤاڵی هه‌شته‌می گه‌لاوێژه.... .... دنیایه‌کی سه‌یره.... من چه‌ندین جار میوانی حیزب بووم و له‌سه‌ر سفره‌یه‌ک هه‌م له‌گه‌ڵ مامۆستا عه‌بدوڵڵای حه‌سه‌ن زاده و هه‌م کاک مسته‌فا هیجری نانمان خواردوه و وتووێژمان بوه. وه‌ک چالاکێکی سه‌ربه‌خۆی مافی ژنان ، هه‌ر وتوومه ئه‌ی به‌شداری ژنانی حیزب له ئاستی باڵادا بوو به چی ؟ ئه‌وانیش هه‌ر وتوویانه ئاخر ژنی وا لێهاتوومان مان تێدا نیه!!!! ( تا دنیا دنیایه گله‌یی بێ له هه‌ردووکیان، چونکه ژنی ئازایان زۆره له ریزه‌کانی حیزب‌دا) . من له‌نێو ریزه‌کانی حیزبی دێموكڕاتدا ژماره‌یه‌كی زۆر دۆستی به‌ڕێزم هه‌یه به‌تایبه‌تی ژنه ئازا و تێكۆشهرهکانیان. ئێستا ئه‌و ئازیزانه‌ی من هێندێكیان له‌ملان و هێندێكیشیان له‌ولا. زۆر دنیایه‌کی سه‌یره.... من قه‌ت ناتوانم قه‌ڵه‌مێک هه‌ڵگرم و خه‌تێک له نێوان ناوه‌كانیاندا بکێشم و لێکیان جیا بکه‌مه‌وه. هه‌موویان به‌شێکن له په‌یکه‌ری خه‌باتی نه‌ته‌وه‌که‌مان . هه‌روه‌ها که بیری زیندانیه سیاسییه‌کان ده‌که‌مه‌وه کاتێک بازجوهکان به تهحقیرهوه پێیان ده‌ڵین ئه‌وه‌ش حیزبه‌که‌تان بوو به چه‌ند له‌ت، وه‌خته دڵم بوه‌ستێ . له شادی و پێکه‌نینی ئیتلاعاتییه‌کان خه‌مبارم.به‌داخه‌وه منیش به‌ش به حاڵی خۆم هه‌وڵێکی بێ ئاکامم دا که ئه‌م جیا بوونه‌وه روو نه‌دات به‌ڵام هیچم پێ نه‌کرا . .... ئاواتی خه‌ڵکی رۆژهه‌ڵاتی کوردستان یه‌کگرتوویی ته‌واوی هێزه سیاسییه‌کانیه‌تی چ کۆمه‌ڵه ، چ دیموکرات ، چ پژاک ، چ پارتی ئازادی و هتد ه،به‌ڵام به‌داخه‌وه ئیستا حیزبه‌کانیشمان پارچه پارچه ده‌بن.کێشه‌که له چیدایه؟ ئایا ئه‌م په‌رته‌وازه بوونه دژ به خه‌باتی نه‌ته‌وه‌یی و هه‌روه‌ها خه‌باتی دیموکراسی خوازی نیه؟ ئایا شه‌پۆڵیک له نائومێدی و بێ دنهیی له گه‌نجان و لاوانماندا به‌دی ناهێنێ؟ به‌هه‌رحاڵ ئه‌وه‌ی نه‌ده‌بوو ببێ بوه.ورده ورده بورکانی هه‌ست و ئیحساس ده‌نیشێته‌وه و ئێمه ناچارین رووبه‌ڕووی واقیعی رووداوه‌که ببینه‌وه.منیش لێره‌وه ده‌مه‌وێ هه‌ست و ئیحساس وه‌لا نێم و به لۆژیکه‌وه بچمه سه‌ر دووچه‌مک و له سۆنگه‌ی ئه‌و دوو چه‌مکه‌وه بڕوانمه کێشه‌که: یه‌که‌م : " فره‌حیزبی" "پۆپر" فه‌یله‌سوفێکی به ناو بانگه و له‌سه‌ر ئه‌زموونی چالاکی و ژیانی خۆی له وڵاتانی دیمۆکراتیکی رۆژئاوایی _ وه‌ک به‌ریتانیا_ دژ به فره‌حیزبییه. له هه‌مان کاتدا که فره‌حیزبی ده‌توانێ واتای پلورالیزم بێت ، پۆپر پێی وایه فره‌حیزبی ده‌بێته هۆکاری به‌دیهاتنی ده‌وڵه‌تگه‌لی هاوپه‌یمانی (ائتلافی) که حیزبه‌کانی ئه‌و هاوپه‌یمانه‌تییه به‌رپرسایه‌تی ته‌واویان له به‌رامبه‌ر خه‌ڵکدا نیه. ده‌وڵه‌تی هاوپه‌یمانی به ده‌وڵه‌تێکی لاواز ده‌زانێ که هه‌رده‌م له‌وانه‌یه هه‌ڵوه‌شێته‌وه و هه‌روه‌ها ئه‌و حیزبانه‌ی که ده‌نگی زۆریان نه‌هێناوه و به‌س بۆ پێکهێنانی کابینه به‌شدارن، هه‌ست به به‌رپرسایه‌تی سه‌ره‌کی له به‌رامبه‌ر خه‌ڵکدا ناکه‌ن. دیاره ئه‌م ئه‌زموونه له نه‌ته‌وه خاوه‌ن ده‌وڵه‌ته‌کاندایه. ئێمه‌ی کوردی رۆژهه‌ڵات که هێشتا ده‌وڵه‌ت و ده‌سه‌ڵاتی خۆمان نیه و له‌م هه‌لومه‌رجه‌دا گه‌وره‌ترین پێویستیمان به یه‌کگرتووییه_ که به‌داخه‌وه تا ئیستا پێکنه‌هاتوه و هه‌ر رۆژ حیزبێکمان بۆ ساز ده‌بێ حاڵمان چۆنه؟ 1- له لایه‌که‌وه زۆرتر بوونی حیزبه‌کان و پێکهاتنی حیزبگه‌لی بچووک ئیمکانی یه‌ککه‌وتن که‌متر ده‌کات چونکه بیروڕاکان و سه‌لیقه‌کان هه‌ر رۆژ زیاتر و جیاوازتر ده‌بن. هه‌روه‌ها هیچکام له‌م حیزبه بچووکانه نوێنه‌رایه‌تی به‌شێکی زۆر له خه‌ڵک ناکه‌ن و پێکهاته‌ی پێداویستییه گرنگه‌کان له روانگه‌ی زۆربه‌ی خه‌ڵکه‌وه نین. 2- فاکته‌رێکی گرنگی تریش کاریگه‌ره و ئه‌وه‌ش دووری حیزبه‌کانه له وڵات. دووری حیزبه سه‌ره‌کییه‌کان وه‌ک دیموکرات و کۆمه‌ڵه به‌و مێژووه 61 و 30 ساڵه‌وه زیانی زۆری بۆیان لێ که‌وتۆته‌وه چ بگات به‌و حیزبانه‌ی که له‌ده‌ری وڵات و به‌دوور له ئه‌زموونه نوێکانی خه‌ڵکی دانیشتووی وڵات پێکهاتوون.دیاره بۆشایی دووری حیزبه‌کان له وڵات به هۆی رێگا نه‌دانی کۆماری ئیسلامی به دروست بوونی حیزبگه‌لی نوێ له‌و ناوچه که به شێوازی ئاسایی بتوانێ چالاکی بنوێنن ،پڕ نه‌بۆته‌وه ( لێکۆڵینه‌وه له‌سه‌ر پژاک لێره‌دا ناکه‌م چونکه بابه‌تی تایبه‌تی خۆی پێویسته). هه‌روه‌ها ئه‌م دووریه بۆته هۆکاری دووری حیزبه‌کان له ئاڵوگۆڕه نوێکانی ناو کۆمه‌لگا و هه‌روه‌ها بزاڤی رۆشنبیری کوردی به گشت ته‌نگ و چهڵهمهکانیهوه. 3- هاتوچۆ و به‌ربڵاوتر بوونی پێوه‌ندییه‌کانیش به هۆی ئینته‌رنێته‌وه جارێ نه‌یتوانیوه فه‌زای سوننه‌تی زاڵ به‌سه‌ر حیزبه‌کاندا به ته‌واوی بشکێنێت چونکه حیزبه سه‌ره‌کییه‌کان له نه‌بوونی مه‌ودای حیزبایه‌تی له ناو خۆی وڵات ، خۆیان به تاقه مه‌یدانداری حیزبایه‌تی زانیوه و ره‌قیبێکی ئه‌وتۆیان بۆ رکه‌به‌رایه‌تی و نوێ بوونه‌وه نه‌دیوه.ژنان و گه‌نجان هێشتا مه‌ودای به‌شداری له ناوه‌نده ده‌سه‌ڵاتداره‌کانی حیزبی‌یان به شێوه‌ی گونجاو و شیاو پێنه‌دراوه.که‌م نین ئه‌و گه‌نجه رۆشنبیرانه‌ی چوونه‌ته ناو ریزی حیزبه‌کانه‌وه و دوایی به نائومێدی ناچار به کۆچ بوون. 4- له لایه‌کی تره‌وه فره‌حیزبی له رۆژهه‌ڵاتی کوردستان له هه‌مان کاتدا که ده‌توانێ هۆکاری ئالۆزی زیاتر و یه‌کنه‌گرتن بێ ، ده‌شتوانی مه‌زنایه‌تی سوننه‌تی گه‌وره حیزبێک بشکێنێ،واته کوسپێکی سه‌ر رێگای یه‌کگرتن و پێکهاتنی به‌ره له ناو به‌رێت چونکه که‌س نه‌توانێ خۆی به نوێنه‌ری زۆرینه‌ی خه‌ڵک بزانێ. ئیستا هاوکات له‌گه‌ڵ مه‌ترسی ده‌رگیری و شه‌ڕی ناوخۆ، ئه‌گه‌ری ئه‌وه‌ش هه‌یه که دوو له‌تی حیزبی دیموکرات له رکه‌به‌رایه‌تی یه‌کتریش بوه خۆیان نوێ بکه‌نه‌وه و هاوکات له‌گه‌ڵ رێگا دان به گه‌نجان و ژنان بۆ چالاکی و ده‌سه‌ڵاتداری له ئاستی باڵادا و گوێ گرتن و مه‌یدان دان به رۆشنبیران ته‌نانه‌ت بۆ پێکهێنانی مه‌شرووعییه‌ت ، هه‌نگاوی کاریگه‌ر بۆ پێکهێنانی به‌ره‌ی یه‌کگرتووی کوردی (راسته‌قینه نه کارتۆنییه‌که ) هه‌ڵگرن. دیاره ئه‌وه‌ی زووتر ئه‌م هه‌نگاوانه هه‌ڵگرێ پێگه‌ی خۆی پته‌وتر ده‌کات. جا ده‌کرێ ئه‌و به‌ره بشوبهێنین به‌و ده‌وڵه‌ته هاوپه‌یمانه که پۆپر له کۆمه‌ڵگای دیمۆکراتیکی رۆژئاوادا به دڵی نیه، به‌ڵام مه‌رج نیه له بارودۆخی ئیستای نه‌ته‌وه‌ی بێ ده‌وڵه‌تی ئێمه‌دا کاریگه‌ر نه‌بێ. دووه‌م: چه‌مکی " سێکولاریزم" کاتێک باسی سێکولاریزم ده‌کرێ زۆربه‌ی خه‌ڵک ده‌ڵێن جیایی دین له ده‌وڵه‌ت. له وتارێکی به‌ڕیز " شاهۆ تۆفیق" که هاورێی رۆژنامه‌وان ،" عه‌دنان حه‌سه‌ن پوور" وه‌ریگێڕابوو بۆ سه‌ر زمانی فارسی و له هه‌فته‌نامه‌یه‌کی سنه‌دا چاپی کردبوو زۆر به‌جوانی باسی " سێکولاریزم " کراوه. عه‌دنان به فارسی ده‌ڵێ: "سکولاریسم یعنی تقدس زدایی از قدرت". واته سێکولاریزم سڕینه‌وه‌ی پیرۆزایه‌تییه له ده‌سه‌ڵات.دیاره مه‌رج نیه ئه‌و ده‌سه‌ڵاته هه‌ر ده‌سه‌ڵاتی ئایین بێ به‌ڵکو هه‌موو چه‌شنه ده‌سه‌ڵاتێک ،ته‌نانه‌ت ده‌سه‌ڵاته توتالیتاره کۆمۆنیستییه‌کانیش ده‌گرێته‌وه. هه‌ر شتێک که پیرۆز و مه‌زن بکرێته‌وه و وه‌ک ئامیرێک بۆ ده‌سه‌ڵاتداری به‌سه‌ر خه‌ڵکدا به‌کار بێت، جا ئه‌وه شتێکی ناسیۆنالیستی بێ ( وه‌ک که‌مالیسته‌کانی تورکیا) یان ئایینی یان کۆمۆنیستی یان ته‌نانه‌ت که‌سایه‌تییه‌کی مه‌زن وه‌ک سه‌مبۆلێک به‌کار بێت بۆ ده‌سه‌ڵاتداری تاقمێک به‌سه‌ر خه‌ڵکدا. ئه‌م پرسیاره دێته گۆڕێ که ئێمه‌ی کورد سێکولارین؟ 1- دیاره کۆمه‌ڵگای ئێمه هه‌رچه‌ند نه به تۆخی ناوچه مه‌زهه‌بییه‌کانی ئێران، به‌ڵام به گشتی کۆمه‌ڵگایه‌کی مه‌زهه‌بییه.ئه‌مه‌ش خۆی گه‌وره‌ترین و یه‌که‌م له‌مپه‌ری سێکۆلاریزمه.له‌وانه‌یه بڕێک رۆشنبیری سێکولارمان ببێت ،به‌ڵام جارێ کۆمه‌ڵگایه‌کی سێکولارمان نیه. 2- پیرۆز کردن و پیرۆزایه‌تی هه‌ر باوه . هه‌رچه‌ند که به‌هۆی ده‌سه‌ڵاتداری ئایدیۆلۆژیکی کۆماری ئیسلامییه‌وه داخوازی سێکولار بوون له لایه‌ن نوخبه‌کان و رۆشنبیرانه‌وه زیاتر بوه. ئه‌ویش زیاتر ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ داخوازی جیا کردنه‌وه‌ی دین له ده‌وڵه‌ت و سیاسه‌ت،نه‌ک سڕینه‌وه‌ی پیرۆزایه‌تی به گشتی و ئازاد کردنی زهینییهتهکان. واته تابۆی پیرۆزایه‌تی له زه‌ینه‌کاندا جارێ به ته‌واوی نه‌شکاوه. 3- کوردیش وه‌ک زۆربه‌ی مرۆڤه‌کانی تری ئه‌م جیهانه شتی پیرۆزی هه‌یه.حیزبه کوردییه‌کانی هه‌ر چوار پارچه‌ش له‌سه‌ر بنه‌مای پیرۆزایه‌تی ئیش ده‌که‌ن ، جا چ پیرۆزایه‌تی ئایدیۆلۆژیا ( بۆ نموونه چه‌پ ) بێ یا پیرۆزایه‌تی که‌سایه‌تی بێ وه‌ک ئاپۆ ( ئاپۆیسم)، ژنرال بارزانی یا خۆدی مام جه‌لال. یه‌کێک له شته پیرۆزه‌کانی کوردی رۆژهه‌ڵات رێبه‌رانی شه‌هیدن که گیانی خۆیان فیدای ئامانج کردوه ،بۆ نموونه رێبه‌رانی نه‌مر قازی محه‌مه‌د و دکتۆر قاسملو و دکتۆر شه‌ره‌فکه‌ندی.دیاره ئه‌م ئوستوورانه زۆر لای ئێمه پیرۆز و مه‌زنن، به‌ڵام له‌هه‌مانکاتدا ده‌بێ ئاگادار بین که هیچ که‌س ناتوانێ ته‌نیا خۆی به میراتداری ئه‌وان بزانێت و ئه‌وانی تر له‌م میراته بێبه‌ش کات. له‌م روانگه‌وه ئیدیعای هه‌ر دووله‌تی حیزب له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی که ئه‌وان درێژه‌ده‌ری رێگای رێبه‌رانی شه‌هیدن و لایه‌نه‌که‌ی تر وا نیه، به عه‌وامفه‌ریبی واته کڵاو سه‌ر خه‌ڵک کردن ده‌زانم . 4- روون و ئاشکرایه دوای تیرۆری رێبه‌رانی کورد به تایبه‌ت دکتۆر قاسملو ،پشتی کوردی رۆژهه‌ڵات چه‌مایه‌وه و ئیتر که‌سایه‌تی وا لێهاتوومان نه‌بۆته‌وه.که‌سایه‌تییه‌کی گه‌وره وه‌ک دکتۆر قاسملو به‌و بینش و زانسته سیاسییه‌وه که بووی ،له‌م هه‌لومه‌رجه هه‌ستیاره‌دا ده‌یتوانی ئه‌رکی رێبه‌رایه‌تییه‌ک نه‌ک هه‌ر بۆ کورد، له‌وانه‌یه بۆ ئێرانیش بگرێته ئه‌ستۆ.مه‌خابن دکتۆر قاسملو نه‌ماوه و که‌سایه‌تی خاوه‌ن توانایی واشمان بۆ گێڕانی ده‌وری رێبرێک له کۆمه‌ڵگادا نیه.ئیستا ئایا ده‌بێ راوه‌ستین تا قاسملویهکی تر له دایک بێته‌وه یان درێژه‌ده‌ری رێگای خه‌بات بین؟ له درێژه پێدان به رێگای خه‌باتدا ،ده‌بێ زانستی ئه‌مڕۆییمان بێ یان له‌سه‌ر وته‌کانی دکتۆر قاسملو له 18 ساڵ له‌مه‌وبه‌ردا رابوه‌ستین؟ ئه‌گه‌ر دکتۆر بمایه ئایا له‌م زه‌مه‌نه‌دا که جیهان له‌هه‌ر خوله‌کێکدا رووبه‌ڕووی شتێکی تازه ده‌بێته‌وه رێگای تازه‌ی بۆ گه‌یشتن به ئامانج دیاری نه‌ده‌کرد؟ به‌ڕای من ناتوانین خه‌بات راگرین و ناتوانین له‌گه‌ڵ ره‌وتی ئالوگۆڕه‌کانی ئه‌مڕۆ خوێندنه‌وه‌ی نوێمان نه‌بێ و ناشتوانین ماتڵی له دایک بوونی کاریزمایه‌ک بین. کۆماری ئیسلامی به تیرۆری قاسملو زه‌ربه‌یه‌کی گه‌وره‌ی لێمان دا، ئیستاش له که‌مین دایه له‌م ده‌رفه‌تی جیابوونه‌وه که‌ڵک وه‌رگرێ و براکوژی رێبخات.ئیستا ناچارین و ده‌بێ ئێمه‌ی بێ قاسملو ، به که‌ڵک وه‌رگرتن له ئه‌زموونه‌کانی ئه‌و،و هه‌روه‌ها گه‌نجینه‌ی فکری و خوێنده‌واری کۆمه‌ڵێک گه‌نجی پێگه‌یشتوو هه‌رچۆنێکه رێگای خۆمان بدۆزینه‌وه و پێشکه‌وین. لێره‌دا به‌ڕای من ئیتر ناتوانین کێشه‌ی له‌ت بوونی حیزب به هه‌موو گرفت و ناخۆشییه‌کانییه‌وه به گشتی نه‌گه‌تیڤ بزانین ،به‌ڵکوو خاڵی پۆزه‌تیڤیشی تێدا به‌دی ده‌کرێ: 1 – ئه‌وه‌ی که دوولایه‌ن هێمنایهتیان تا ئه‌م کاته پاراستوه و هیوادارم هه‌ر بیپارێزن، قسه له ده‌سکه‌وتێکی گه‌وره ده‌کات. که‌سایه‌تی سیاسی کوردی رۆژهه‌ڵات به‌ره‌و لۆژیکێک چوه که رێگا له توند و تیژی ده‌گرێ و ئیتر به ده‌مارگرژی و شه‌ڕه تفه‌نگ و براکوژی وه‌ڵامی کێشه‌کان ناداته‌وه. که‌واته هیوای ئه‌وه هه‌یه له داهاتوی رزگاری رۆژهه‌ڵاتی کوردستانیشدا براکوژی دووپات نه‌بێته‌وه. * 2- بڕێک رچه خه‌ریکه ده‌شکێت و ورده ورده مه‌زنایه‌تی و پیرۆزایه‌تی که‌مڕه‌نگ ده‌بێته‌وه و پێویستی به زانستی رۆژ ،جێگای خۆی ده‌کاته‌وه.واته خه‌ریکین به‌ره‌و سێکولاریزم به مانای سڕینه‌وه‌ی پیرۆزایه‌تی له ده‌سه‌ڵات هه‌نگاو ده‌نێین. دیاره له سه‌ره‌تای رێگاداین و راوه‌ستان له به‌رامبه‌ر ئه‌مه‌دا هه‌یه به‌ڵام، فکری نوێ خه‌ریکه دزه ده‌کات. 3- به‌ڕای من ده‌روێشایه‌تی له حیزب‌دا خه‌ریکه زۆر که‌مڕه‌نگتر ده‌بێ. ئیستا دوو سکرتر که‌وتوونه به‌ر ره‌خنه و ئه‌مه‌ش هه‌رچه‌ند به‌داخه‌وه ئاوێته‌ی ته‌وهین و سووکایه‌تی تاقمێک بوه ،به‌ڵام دیسان هه‌نگاوێکه بۆ سرینه‌وه‌ی مه‌زنایه‌تی و ئازاد کردنی فکر و ئه‌ندێشه و چوونه سه‌ره‌وه‌ی ئاستی شه‌هامه‌ت و نه‌ترسی. 4- ئه‌گه‌ر ره‌وتی رووداوه‌کان هه‌ر به هێمنی بچێته پێش و دوولایه‌ن بکه‌ونه کێبه‌رکێی سیاسی ،هیوای چاکسازی و نوێبوونه‌وه و به تایبه‌ت هاتنه مه‌یدانی ژنان و لاوانی توانا تا ئاستی سه‌رکردایه‌تی زۆرتر بوه. 5- هه‌روا که پێشتریش باسم کرد ده‌کڕێ هه‌نگاوی زۆر جیدی بۆ پێکهێنانی به‌ره‌ی کوردی هه‌ڵگیرێ و ته‌نانه‌ت به‌ره‌ش پێک بێ . دیاره ئه‌گه‌ر نه‌یکه‌ن هه‌ردوولا خه‌ڵک له خۆیان بێزار ده‌که‌ن. 6 – دوای سووکایه‌تییه‌کی زۆر که ناڕاسته‌وخۆ له‌هه‌ر دوولایه‌نه‌وه به یه‌کتر کرا چه‌شنێک بێزاری و ماندوویی له‌م کرده‌وه ناحه‌زه ده‌بیندرێ که ئه‌ویش ده‌توانێ سه‌ره‌تایه‌ک بێ بۆ رێگرتن له نه‌رێتی ناشرینی سووکایه‌تی و تۆمه‌تبار کردنی مۆخالیف. خاڵه نه‌گه‌تیڤه‌کان بریتین له: 1- شه‌پۆلێکی نائومێدی و خه‌مباری له‌م کاته هه‌ستیاره‌دا له ناو خه‌ڵکانی دانیشتووی وڵات و هه‌روه‌ها کورده‌کانی ده‌ره‌وه پێک هاتوه . دیاره خه‌ڵک خوازیاری یه‌کگرتوویین نه‌ک جیا بوونه‌وه‌ی زیاتر. له‌وانه‌یه ئه‌م شه‌پۆله کاتی بێ ، به‌ڵام تێپه‌ڕینی ئه‌م شه‌پۆله زیره‌کی و هۆشیاری پێویسته . نابێ له‌بیرمان بچێته‌وه که کۆماری ئیسلامی بۆ به‌رژه‌وه‌ندی خۆی ئه‌م شه‌پۆله به‌هێزتر ده‌کات. 2- هه‌روه‌ک باسم کرد مه‌ترسی ئه‌وه‌ش هه‌یه که به زۆرتر بوونی حیزب و لایه‌نه‌کان لێک تێگه‌یشتن و یه‌ککه‌وتن دژوارتر ببێت. 3- گه‌وره‌ترین زیانی ئه‌م له‌ت بوونه لێک دابڕانی کۆمه‌ڵێک شۆرشگێڕ و خه‌باتکاره که تا دوێنێ هاوسه‌نگه‌ری یه‌کتر بوون. له‌بیرمان نه‌چێ مه‌ترسی شه‌ڕی ناوخۆ هه‌ر هه‌یه ،به‌ڵام به خۆشییه‌وه تا ئیستا باش پێش چوه و به‌ری پێ گیراوه. 4- به‌داخه‌وه ماوێکه هێزی خه‌باتکاران له جیاتی ململانێ له‌گه‌ڵ دژمنی سه‌ره‌کی رووی کردۆته ململانی له‌گه‌ڵ خۆ. ئه‌م ره‌وته ئه‌گه‌ر ماوێکی زۆر بخایه‌نێت به به‌رژه‌وه‌ندی کۆماری ئیسلامییه. 5- به‌داخه‌وه ئه‌نگێزه‌ی ئه‌م له‌ت بوونه زیاتر له شه‌ڕی هه‌ردوو باڵدا بۆ کورسی و ده‌سه‌ڵات خۆی نواندوه.هه‌رچه‌ند هۆکاری سه‌ره‌کی ئه‌مه ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ ململانێی سوننه‌ت و مۆدێڕنیته له ده‌ورانی تێپه‌ڕین له نهریهوه به‌ره‌و مۆدێڕنه‌دا، به‌ڵام دیاره گه‌نجانی نوێخواز ئه‌و توانا‌و هێزه‌یان بۆ به‌دیهێنانی که‌لێن له په‌یکه‌ری سوننه‌تی ده‌سه‌ڵاتی حیزبی‌دا نه‌بوو . هه‌بوونی مامۆستا حه‌سه‌ن زاده به ئه‌نگێزه‌ی به‌شدار بوون له ده‌سه‌ڵاتدا و هه‌روه‌ها که‌ڵک وه‌رگرتن له پێوه‌ندییه‌کانی مامۆستا توانی ئه‌م کاره به ئه‌نجام بگه‌یه‌نێ .به‌هه‌رحال مامۆستا جه‌ساره‌تی ئه‌وه‌ی بوو خۆی بخاته به‌ر توندترین هێرش و ره‌خنه‌کان به تایبه‌ت توانبار بوون به ده‌سه‌ڵات په‌رستی. 6- خاڵێکی هه‌ره نه‌گه‌تیڤ هیوادار بوون به هێرشی ئه‌مریکا یان ئاڵوگۆر له ناوچه‌که‌دا به‌ده‌ست ئه‌مریکاوه‌یه.وه‌ک بڵێی ئه‌مریکا وا خه‌ریکه هێرش ده‌کات و ئێران ده‌گرێت و ده‌ڵێ فه‌رموون ئاغایان حکوومه‌ت بکه‌ن.جا براده‌ران په‌له‌یانه زووتر ئه‌و کورسییه خه‌یاڵییانه ریزێرڤ بکه‌ن!!! ئه‌وه‌ڵه‌ن ئه‌وه‌نده‌ی من وه‌ک چالاکێکی مافی مرۆڤ هاتوچۆی ناوه‌نده سیاسییه‌کانی ئه‌مریکا ده‌که‌م، سیاسه‌تی داهاتوو سه‌باره‌ت به ئێران جارێ هیچ روون نیه. هه‌رچه‌ند له دنیای سیاسه‌تدا هیچ شتێک حیسابی له‌سه‌ر ناکرێ ، به‌ڵام ئه‌وه‌ی دیومه کوردی رۆژهه‌ڵات خاوه‌ن به‌شێکی به‌رچاو له سیاسه‌تی ئه‌مریکادا نین.کوردی رۆژهه‌ڵات لێره به‌داخه‌وه کاری سیاسی کاریگه‌ری نه‌کردوه، ته‌نانه‌ت نه‌یتوانیوه لۆبییهکیش به پاره ساز بکات.ئه‌وه‌ی ده‌بیندرێ هه‌ر وه‌ک به‌شێک له بزووتنه‌وه‌ی دیمۆکراسی خوازی ئێران چاوی لێده‌کرێ و خۆی خاوه‌ن شوناسێکی تایبه‌ت نیه.ئه‌وه‌ش بزانن پاره‌یه‌کی ئه‌وتۆی بۆ ته‌رخان نه‌کراوه. کوردی رۆژهه‌ڵات له ئه‌مریکا پێویستی به کاری جیدییه که به‌داخه‌وه که‌سایه‌تییه جیدییه‌کانی خۆیان که‌متر له‌و کێشه ده‌ده‌ن و زیاتر خه‌ریکی ژیان و ئابووری خۆیانن. مه‌خابن ئێمه لێره سیاسه‌توانی به توانا‌مان نیه. 7- دوایین خاڵی نه‌گه‌تیڤی کێشه‌ی حیزب و دووله‌ت بوونه‌که‌ی ، له‌دایک بوونی سیاسهتوانانێکی درۆیی و هه‌لپه‌رسته که تا ئیستا هیچیان له‌ده‌ست نه‌هاتوه، به‌ڵام له سایه‌ی که‌لێنی ناو حیزب و دژایه‌تی لایه‌نه‌کان، خۆیان به لایه‌نێکه‌وه هه‌ڵواسیوه و ئیدیعای کارناسیی سیاسی ده‌که‌ن. هه‌ڵبه‌ت گه‌نجانی خوێنده‌وار و رۆشنبیری ئێمه زوو مستی هه‌لپه‌رستان ده‌گرن و پێیان ده‌زانن.به‌تایبه‌ت که ئه‌م کارناسه کتوپڕانه، شاره‌زای زانستی سیاسی نین و له‌م باره‌شه‌وه هیچ خوێندنه‌وه و نووسێنێکیان نه‌بوه و نیه. له‌کۆتاییدا ئیستا که به‌داخه‌وه له‌ت بوونه‌که رووی داوه چه‌ند پێشنیارم هه‌یه: 1- کورد وته‌نی هێشتاش نه‌چوه بچێ و به‌ڕای من کات بۆ یه‌کگرتنه‌وه هه‌ر ماوه.تا دره‌نگ نه‌بوه له‌سه‌ر نوێکردنه‌وه‌ی حیزب یه‌ک که‌ون و ئاڵوگۆر به‌سه‌ر هه‌ڵه‌کانی رابردوودا بێنن. 2- له جیاتی کاک مسته‌فا بوومایه یه‌کگرتوویی حیزبم به‌سه‌ر کۆرسی خۆمدا هه‌ڵده‌بژارد و سه‌ربه‌رز و قاره‌مانانه ده‌ستم له کار ده‌کێشایه‌وه با کۆنگره پێک بێته‌وه . دیاره نه ته‌نیا ئه‌مه نیشانه‌ی شکستی کاک مسته‌فا نیه که به پێچه‌وانه‌وه ده‌یکات به که‌سایه‌تییه‌کی له خۆ بوردوو. 3- ئه‌گه‌ر هه‌ر یه‌ک ناگرنه‌وه و بڕیاری ئاخر له‌سه‌ر جیابوونه‌وه دراوه ، له جیاتی مامۆستا بم قه‌ت نابم به سکرتر. به‌م شێوه‌یه تاوانی ده‌سه‌ڵات په‌رستی ده‌سڕێته‌وه و به پێچه‌وانه‌وه شانازی نه‌ترسی و شه‌هامه‌ت بۆ به‌دی هێنانی زه‌مینه‌ی ئاڵوگۆڕی نوێ ده‌درێته پاڵی. 4- له جیاتی هه‌ردوولا بم رێگا بۆ گه‌نجانی خوێنده‌وار و رۆشنبیر و به تایبه‌ت ژنان ده‌که‌مه‌وه و ته‌نانه‌ت له هه‌ڵاوردنی پۆزه‌تیڤ به به‌رژه‌وه‌ندی ژنان که‌ڵک وه‌رده‌گرم.** 5- یه‌که‌م کار و گرنگترین کار پێکهێنانی به‌ره‌ی یه‌کگرتووی کورده.هیوادارم هه‌ردوولا وه‌خۆکه‌ون و زووتر بۆ ئه‌م کاره هه‌نگاو هه‌ڵێنن. 6- سڕینه‌وه‌ی دروشمگه‌لی "بمرێ فڵان" و "خاین فڵان که‌س" و "ئیمه هێزی پێشرهوین" و " سه‌رکه‌وێ خه‌باتی نه‌ته‌وایه‌تی به ڕێبه‌رایه‌تی ئێمه" و هتد. ئه‌م دروشمانه زۆر کۆنن و له‌گه‌ڵ دنیای ئیمڕۆدا نایه‌نه‌وه. 7- گومان له‌وه‌دا نیه حکوومه‌تی ئیرانیش له‌و نێوه‌دا بۆ به‌رژه‌وه‌ندی خۆی ده‌گه‌ڕێ . دیاره بۆ پووچه‌ڵ کردنه‌وه‌ی پیلانه‌کانی کۆماری ئیسلامی، هێمنایه‌تی و هه‌ڵسوکه‌وتی دیموکراتیک له‌گه‌ڵ یه‌کتر و له‌گه‌ڵ حیزبه‌کانی تر و هه‌روه‌ها ئه‌ندامان زۆر گرنگه. 8- که‌ڵک وه‌رگرتن له خولی فێرکاری و وۆرک‌شاپی فێرکاری "خه‌باتی مه‌ده‌نی دوور له توندوتیژی" و هتد به یارمه‌تی رێکخراوه مه‌ده‌نییه‌کانی ئه‌ورووپا و ئه‌مریکا و ئاسیا ده‌توانێ له بردنه سه‌ره‌وه‌ی ئاستی زانیاری ئه‌ندامان زۆر گرنگ و به نرخ بێت. 9- دیسانه‌وه‌ش پێشنیاری یه‌که‌م دووپات ده‌که‌مه‌وه. .... به‌م وتاره راده‌گه‌یه‌نم من وه‌ک چالاکی مافی مرۆڤ و به تایبه‌ت مافی ژنان هه‌روه‌ک ئه‌ندام و لایه‌نگری هیچ حیزبێک نه‌بووم ، لایه‌نگری هیچکام له لایه‌نه‌کانی حیزبی دیمۆکراتیش نیم و دوستایهتیشم له‌گه‌ڵ هه‌موو ئازیزان له هه‌ر لایه‌نێک بن به‌رده‌وامه. ئه‌م وتاره‌ش دیاره که‌م و کورتی هه‌یه به‌ڵام هه‌وڵم داوه کێشه‌که له روانگه‌ی خۆمه‌وه هه‌ڵسه‌نگێنم و هیوادارم هیچکه‌س و هیچ لایه‌نێک دڵگران نه‌بێ.به‌هه‌رحاڵ ئازادی به‌یانه...... تێبینی: * ئه‌م وتاره‌م له سه‌ره‌تاکانی رووداوی له‌ت بوونی حیزب‌دا نووسیبوو و بڵاوم نه‌کردبۆوه. به‌داخه‌وه ئیستا بڕێک توند و تیژی و کرده‌وه‌ی زۆر ناحه‌ز پێشهاتوه که له‌وانه‌یه بۆ خوێنه‌ری به‌رێز جێگای پرسیار و سه‌رسووڕمان بیت. به‌هه‌رحاڵ ئیستاش هیوادارم ئه‌و توند و تیژییه كۆتایی پێ بێت. ** وه‌ک ئه‌ندامیکی بزووتنه‌وه‌ی ژنان ، هاوکات له‌گه‌ڵ ده‌ربڕینی ئاماده بوونی خاتوو شکۆفه‌ی قوبادی بۆ کارگێڕی له ئاستی باڵای حیزبی،و هه‌روه‌ها باوه‌ڕم به توانایی خاتوو خه‌دیجه‌ی مه‌عزووری و خاتوو کوێستانی فتووحی ، پێوه‌ندیم به به‌رێزان مامۆستا حه‌سه‌نزاده و کاک مسته‌فای هیجرییهوه کردوه و داوام لێکردوون ، چ به یه‌کگرتنه‌وه ،چ به کاری جیاواز ، ده‌ستی که‌م ئه‌م خاتوونانه له ئاستی ده‌فته‌ری سیاسی‌دا به‌کار بگرن.لێره‌شه‌وه دیسان پشتیوانی خۆم وه‌ک چالاکێکی مافی ژنان له‌م مه‌سه‌له ده‌رده‌بڕم. |
||